هێزە ئەمنیەکانی عێراق سەرەداوی تیرۆرکردنی چالاکوانی بەسرە ئاشکرا دەکەن

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایکرد، چەند سەرەداوێکیان لەبارەی ڕووداوەکانی کوشتنی ئەم دواییەی بەسرە دەستکەوتووە و بەمزووانەش گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی ئەمنیدا دەکەن.

یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕێی بەدواداچوونی هەواڵگرییەوە زانیاری تەواویان لەبارەی بکوژانی چالاکانی بەسرە ئاشکرا کردووە کە بەمزووانە ڕوبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.

هەروەها وتیشی، بەم نزیکانە چەند بڕیارێک لە بارەی گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکانی بەسرە دەردەکرێت، دوپاتیشیکردەوە کە هیچ پلەو پۆستێکیان نییە بۆ ئەوکەسانەی دەترسن.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکیترعوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق بە یاوەری شاندێک گەیشتە بەسرە بۆ ئاگاداربوون لە دوایین بەرەوپێشچوونەکان لەسەر دۆخی ئەمنی پارێزگاکە.

دوێنێ لیوا ئەکرەم سەدام، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای بەسرە، حەوت فەرمانی توندی بۆ ڕاگرتنی بە ئامانجگرتنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران دەرکرد لەلایەن تێکدەرانی ناو خۆپیشاندانەکان و هەروەها ڕوبەڕوکردنەوەیان بە دادگاو یاسا.

ماوەی سێ ڕۆژە هێزێکی ئەمنی گەورە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پۆلیسی پارێزگای بەسرە ئۆپراسیۆنێکیان بۆ گومانلێکراوان و داواکراوان ئەنجامداوە و تا ئێستا ٣٠٤ تۆمەتبار بە مادەی جۆراوجۆر دەستگیرکراون.

ی. ک

Comments are closed.